۱۳۹۰-۱۲-۱۰

هۆكاره‌ كارتێكه‌ره‌كانی خوێندكار له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا

هۆكاره‌ كارتێكه‌ره‌كانی خوێندكار له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا

مستةفا كةريم  / خورماڵ


له‌ قۆناغه‌كانی خوێندنی حه‌وته‌می بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی و به‌شێكیش له‌ قۆناغه‌كانی په‌یمانگه‌و زانكۆ ، خوێندكار به‌ قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌بریتی یه‌ له‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاری ، بۆیه‌ ئه‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵدا بكرێت ، تێگه‌یشتن له‌ سروشتی ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت و ده‌گوزه‌رێت  تێگه‌یشتن له‌ ڕۆڵی هاوڕێیه‌تی و دروستكردنی كۆمه‌ڵ و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی تاكی هه‌رزه‌كارله‌ قۆناغه‌كانی خوێندنداو تێگه‌یشتن له‌و گۆڕانكاییه‌ فسیۆلۆجی و ئه‌ندامیه‌ی له‌ ڕوخساری هه‌رزه‌كاردا ڕوو ئه‌ده‌ن ئه‌بێت به‌وردی و له‌سه‌ر خۆ خه‌سڵه‌ته‌كان له‌برچاو بگیرێن و ئه‌ژماری تایبه‌تیان بۆ بكرێت له‌ چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌ كردن له‌ گه‌ڵ مرۆڤی ئه‌و قۆناغه‌دا ، چونكه‌ به‌ ده‌ركه‌وتن و ده‌ستپێكردنی قۆناغی هه‌رزه‌كاری كاریگه‌ری هۆكاره‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واویان ده‌بێت 0
ئه‌مانه‌ش هه‌ندێكن له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری به‌جێده‌هێڵن له‌سه‌ر ئه‌وخوێندكارانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریدایه‌ :
هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ خێزانه‌وه‌: ماڵ و خێزان كۆمه‌ڵێك هه‌ل ومه‌رج و كه‌شی تایبه‌ت له‌سه‌ر تاكی خێزان دروست ئه‌كه‌ن ( سۆزداری ، ڕه‌وشت ، ڕۆشنبیری ) كه‌هه‌ریه‌كه‌و به‌ پێ ی سه‌نگ و قورسایی خۆی كاریگه‌ری له‌سه‌ر سروشتی هه‌ڵسوكه‌وتی تاك ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌و خوێندكارانه‌ی له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدان
• هۆكاری سۆزداری خێزان : به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین خه‌سڵه‌ت و هۆكاره‌كانی دروست بوونی كه‌سێتی تاك دائه‌نرێت ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای سۆزی خۆشه‌ویستی ده‌ربڕین بۆ یه‌كدی و پاراستنی سۆزداری ناو تاكه‌كانی خێزان ، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی كاریگه‌ره‌ بۆ دروستكردی بنه‌مای باوه‌ركردنی خوێنكار ( تاك) به‌ خودی خۆی بۆ ڕاپه‌ڕاندنی سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی ، له‌ هه‌مان كاتدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌م باره‌ كه‌ تاكه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای رق وكینه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌بن له‌م سه‌روبه‌نده‌دا تاكیش له‌م قۆناغه‌دا به‌شێوه‌كی ناته‌ندروست دێته‌ ده‌ره‌وه‌ی خێزان و هه‌ربه‌و شێوه‌یه‌ی كه‌له‌و ژینگه‌دا په‌روه‌رده‌ بووه‌ كارو هه‌ڵسوكه‌وتی ڕه نگ ئه‌داته‌وه‌ 0
• هۆكاری ڕه‌وشتی خێزان : تاكه‌كانی ناو خێزان و به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌یان به‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا تێپه‌ڕده‌بن ڕاسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ ئاكارو ڕه‌وشتی گه‌وره‌كانی تێدا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دائه‌نێت به‌ شیوه‌ی سلبی یان ئیجابی و دواتر ڕه‌وشته‌كاریگه‌ركه‌ره‌كان له‌ كارلێككردن و شێوازی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌روبه‌ردا ڕه‌نگ پێ ئه‌داته‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌سه‌ر خوێندكار پێویسته‌ ڕه‌وشت و ئاكاره‌ به‌نرخ وجوانه‌كان هه‌ڵبژێرێت و هه‌وڵی خۆ دورخستنه‌وه‌ بدات له‌و ڕه‌فتارانه‌ی له‌گه‌ڵ ژینگه‌كه‌یدا نامۆن 0
• باری دارایی خێزان : كه‌م درامه‌تی و نه‌بوونی كاریگه‌رییه‌كی سه‌خت و گران له‌ سه‌ر تاكی خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان جێده‌هێڵێت له‌ ڕووی نه‌توانینی دابینكردنی پێداویستی یه‌كان و بێبه‌ش بوون له‌ مافه‌سه‌ره‌تاییه‌كان و خۆشییه‌كان ، ئه‌مانه‌ هۆكاریكی ڕاسته‌وخۆن بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكار له‌ خوێندنگه‌كه‌یدا توشی شڵه‌ژانی ده‌ماری ببێت ، كه‌به‌رده‌وام له‌ هه‌ستی خۆیدا به‌راوردكردنی خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه‌لایه‌نی ئابووری به‌هێز بێت ،ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌كی نه‌رێنی كاریگه‌ری جێده‌هێڵێت 0
• هۆكاری ڕۆشنبیری خێزان : هه‌میشه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی لایه‌نی ڕۆشنبیریان لاوازه‌ یان هه‌لومه‌رجێكی وا گونجاویان بۆ دروست نه‌بووه‌ تاوه‌كو ڕۆشنبیریه‌كی گونجاو وه‌ربگرن ئاستی بیركردنه‌وه‌یان به‌شیوه‌كی گشتی لاوازتره‌ به‌به‌راورد كردن له‌گه‌ڵ خێزانه‌ ڕۆشنبیره‌كان ، هه‌ر بۆیه‌ خوێندكاری ڕۆشنبیر كه‌سێكه‌ ده‌توانێت خۆی له‌ كه‌سانی ده‌وروبه‌ر نزیك بكاته‌وه‌و سه‌رنجی هه‌موولایه‌ك بۆ خۆی ڕاكێشێت و ببێت به‌ پێشه‌نگ و كه‌سێكی دیار 0
• هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ خوێندنگه‌ : به‌رفراوان نه‌بوونی بینای قوتابخانه‌و كه‌می یاریگاكان و نه‌بوونی تاقیگه‌ یان به‌كار نه‌هێنانی تاقیگه‌ بۆ وانه‌كان و نه‌بوونی هۆڵی مه‌سره‌ح و هۆڵی كتێبخانه‌ی نوێ له‌ خوێندنگه‌كان ، هه‌روه‌ها كه‌م وكوڕی له‌ سیسته‌می خوێندن كه‌ وابه‌سته‌بێت به‌ زاره‌كی و له‌به‌ركردن و نه‌گونجانی سیسته‌می خوێندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی خوێندنكه‌دا كاریگه‌رییه‌كی نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر زیهنی خوێندكار به‌جێده‌هێڵێت ، هه‌روه‌ها شێوازه‌كانی وانه‌ووتنه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی زاره‌كی و نه‌بوونی هۆیه‌كانی فێركردن یان به‌كارنه‌هێنانیان هۆكارێكن به‌پێچه‌وانه‌ به‌سه‌ر خوێنكاردا ده‌شكێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا 0
بۆیه‌ له‌سه‌ر داموده‌زگاكانی تایبه‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن پێویسته‌ شێوازی نوێ ی وانه‌ووتنه‌وه‌ ئاراسته‌ بكه‌ن به‌ هۆی كه‌سانی پسپۆر و پڕۆفیشناڵ له‌و بواره‌دا هه‌روه‌ها دابینكردن و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی هۆیه‌كانی فێربوون به‌ شێوه‌یه‌كی مۆدێرن و به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی بینین و بیستن و پیشاندانی وێنه‌ی جوڵاو كه‌سیسته‌می خوێندن له‌ پێگه‌ی به‌شییه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ پێگه‌یه‌كی گشتگیر و له‌ زاره‌كییه‌وه‌ بۆ كردارو كردنوه‌ی خوێندنگه‌ی له‌بار كه‌ بگونجێن له‌گه‌ڵ ستانداری جیهانی و سیسته‌می نوێ 0
هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌یان پێكرا كاریگه‌ری ئه‌رێنی و نه‌رێنی به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌ستی خوێندكاردا جێده‌هێَڵێت ،تاكه‌كانی سه‌رووی قۆناغی هه‌رزه‌كاری ئه‌بێت به‌ بایه‌خه‌وه‌ چاودێری ده‌روون و ویجدانی هه‌رزه‌كار بكه‌ن به‌ ئاراسته‌كردنی به‌ره‌و به‌جێگه‌یاندنی هه‌ڵسوكه‌وتی ڕاست و دروست و قۆستنه‌وه‌ی تواناو ووزه‌كه‌یان و به‌كارهێنانی له‌ شوێنی دروستدا0


1  / 2 / 2012

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر