۱۳۹۱-۰۲-۲۹

ئیره‌ییی بردن لەمنداڵدا


و: عومەر هەڵەبجەیی
قۆناغی چواره‌م – به‌شی ده‌روونناسی
کۆلیژی ئاداب – زانکۆی گه‌رمیان

زۆرێک لەدایکان‌و باوکان لەکاتی ڕۆشتنە میوانی، یان سەردانی دەرو دراوسێیان، یان هەرجێگەیەکی دیکە، گلەیی‌و گازندەیی ئەوە دەکەن بەلەدایکبوونی منداڵی تازەیان ئارامی‌و هاوسەنگی ماڵیان تێکچووە، لەبەر ئەوەی ناتوانن وەک پێویست ئاوڕ لەکۆرپە تازەکەیان بدەنەوە لەترسی برا گەورەکەی، یان خوشکە گەورەکەی، بەڵام ئێمە لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین بەپێی توانا شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ئەوکێشەیە بەئێوە بناسێنین، بەوهیوایەی ببێتە هەوێنی چارەسەرکردنی کێشەکەتان‌و دەرچوون لەودۆخە.
بەلەدایک بوونی کۆرپەلەی تازە‌و هاتنە ناوماڵ، هەستی ئیره‌یی خۆبەخۆ‌و نەستی لەمندالێ‌ گەورەدا پەیدا دەبێت، بەڵام دایکان‌و باوکانی ڕۆشنبیر دەتوانن بەپێی توانا ئەم هەستە بەرەو کاڵبوونەوە ببەن‌و بیگۆڕن بەهەستێکی خۆشەویستی‌و مهرەبانی، چونکە کاتێک کۆرپەی تازە لەدایک دەبێت مناڵی گەورە واهەست دەکات ڕکابەر‌و ململانێکەریەتی، پێویست دایکان‌و باوکان ئاگاداری ئەوە ببن هەندێک جار ئەم هەستە ئیره‌یییە دەگۆڕێت بۆهەستێکی ڕق‌و نەفرین، جاربەجار ئەم هەستی نەفرینە تاوەکو گەورەبوون لەگەڵ ئەومنداڵەدا دەمێنێتەوە، خوشکان‌و برایان لەتەمەنی گەورەیدا لەبری ئەوەی براو خوشکێکی باش بن بۆیەکتری‌و هاودەم‌و بەدەمی یەکەوە بن، بەڵام بەپێچەوانەوە دەبنە دوژمنی سەرسەختی یەکتری. هەستی ئیره‌یی نەک کاریگەری دەبێت لەسەر جەستە‌و دەروونی منداڵ ، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی حەزی نەچێتە سەر هیچ خواردنێک‌و نەخۆشیش بکەوێت.
ڕێگەی چارەسەر.
1_ هیچ کات لەنێوان دۆست‌و خزمانتاندا باسی ئەوکێشەیە مەکەن‌و نەشتەری توانج مەخەنە سەر دڵی منداڵەکەتان، لەبەر ئەوەی ڕۆژبە ڕۆژ ئەوهەستە لەناخیا کەڵەکە دەبێت‌و زیاد دەکات، تاوەکو سەر ئەنجام کۆرپەی تازەی بەتەواوەتی لەبەرچاو دەکەوێت‌و هەمیشە لەیادی تۆڵە سەندنەوەدایە لێی، تەنها کەسێک کە دەبێتە سوتەمەنی لەونێوەندەدا منداڵی تازە لەدایک بووی بەستەزمانە، چونکە مناڵی گەورە مافیەتی بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بۆئەوەی پێش هاتنە دونیای منداڵی تازە، ئەوپاشای ماڵ بووە‌و هەموو شتێک لەخزمەتیدا بووە‌و نازیانت کێشاوە، بەڵام ئێستا دەیانەوێت ئەوسوڵتەو دەستەڵاتەی لێ‌ وەربگرنەوە‌و بارودۆخەکەی لێ‌ قۆرخ بکەن بۆئەو ساوایە.
2_ منداڵی گەورە پەراوێز مەخەن‌و فەرامۆشی مەکەن، بەڵکو بیلاوێننەوە‌و نازی بکێشن، بەڵام بەشێوەیەکی هاوسەنگ، بۆئەوەی دواجار گیرنەخۆن بەدەستیەوە، هەروەها هەمیشە لەنیوان خەڵکدا وەسف‌و باسی منداڵە گەورەکە بکەن، کە چەندە ئاگاداری براکەیەتی، یان خوشکەکەی‌و بەبەردەوامی ماچی دەکات‌و خۆشی دەوێت‌و لەئامێزی دەگرێت، بەم شێوەیە هەستی ئیره‌یی لەلای بەرە‌و پوکانەوە دەبەن‌و هەستی خۆشەویستی‌و میهرەبانی لەلای فرەتر دەکەن بەرامبەر کۆرپەکە.
3_ لەبەرامبەر منداڵە گەورەکەدا کۆرپەکە ماچ مەکەن‌و خۆتان مەکەن بەساقەو قوربانی، هەمیشە پێویستە هەردووکیان پێکەوە ماچ بکەن‌و نازیان پێ‌ بدەن.
4_ باوک‌و دایکی بەڕێز ئێوە دەتوانن بەدزی کۆرپەکەوە، یان ئەوکاتەی کە خەوتووە، زیاتر گرنگی‌و بایەخ بدەن بەمنداڵە گەورەکەتان، بۆئەوەی واهەست بکات هێشتا هەر خۆشتان دەوێت‌و بەلەدایک بوونی منداڵی تازە هیچ لەدۆخەکە نەگۆڕاوە، بگرە بەدەمەوە چوونی زیاتریش بووە‌و ئێستە لەجاران زیاتر بایەخی پێ‌ دەدرێت‌و دەیلاوێننەوە.