۱۳۹۱-۰۱-۰۶

لەش و دەروون


عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی



ئەگەر چی مرۆڤ لە لەش و ڕۆح پێکدێت بەڵام ئەوەی کە ئێمە بەدی ئەکەین لە کەسانی دەروروبەرماندا تەنها لەشەکەیەتی، وە ئەوەی کە خودی کەسەکان هەستی پێدەکەن هەردوو بەشەکەیە کە لەش و ڕۆحە/ دەروون. کەواتە ئەتوانین بڵێین لەش (بینراو) وە دەروون یان رۆح (نەبینراو)ە.
باری دەروونی ئێمە کار ئەکاتە سەر لەشمان بەزۆر شێوەی جیاجیا کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە بەئاسانی گیرۆدەی زۆر نەخۆشی بکات، لەوانە نەخۆشیەکانی دڵ،نەخۆشیەکانی کۆئەندامی دەمار، زامی گەدە، هەوکردنی ماسولکەو کۆئەندامەکانیتری لەشمان و دروست بوونی ئازار لەلەشماندا و زۆر نەخۆشی تر. بێزاربوون لە لەش و سەرهەڵدانی ئازارە جیاجیاکان لە لەشدا ڕەنگە دیارترین سیگناڵ بێت کە چۆن دەروونمان هیلاك بووەو وا خەریکە لە لەشماندا نەخۆشی سەرهەڵ ئەدات. من ئەمەش بە درەختێك ئەگونجێنم کە لەبەر نەخۆشی و سستبوونی ڕەگەکانی کە لەژێر خاکدان و نەبینراون چۆن وا هێدی هێدی کار ئەکاتە سەر چڵ و لق و گەڵاکانی کە بەهۆی بەشە بینراوەکەیەوە دەزانرێت کە ئەو درەختە ساغ نیە و نەخۆشیەکانی تیا دەرئەکەوێت کە وشکبوونی لق و گەڵاکانی بەدواوەیە.
زۆر پشکنین لەسەر ئەو کاریگەریانە کراوە کە لەش دووچاری ئەبێتەوە بەهۆی دەروونەوە، کە چۆن لیکە ڕژێنەکانی گەدەمان کاریان ئەکەوێتە سەر لەکاتە هەستیارەکاندا. وە زۆر لە مێژەوە ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە چۆن کۆ ئەندامی هەناسە کاری ئەکەوێتە سەر و مرۆڤ زۆرجار تووشی هاوشێوەیەك لە ڕەبۆ ئەبێت، ئەویش هۆکارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارە نائاساییە نەرێنیەی کە دەروون دووچاری ئەبیت و مرۆڤەکە ئەکەوێتە بارێکی پڕ لە دڵ نەسرەوتن و نیگەرانیەوە/ پانیك.
ئەوەی جێی گرنگی پێدانبێت لێرەدا ئەوەیە کە زانینی هۆکارەکانی تووشبوون بەو بارە نائاسایە دەروونیە بناغەو سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان، کە زۆرجار بەڕێگەی خاووبوونەوە و خەواندنەوە ئەکرێت.
ئەو نەخۆشیە بەدەنیانەی کە هۆکارەکانیان دەروونین بە (سایکۆ سۆماتیك) ناو ئەبرێن کە ئەویش وشەیەکی یۆنانیە و (سایکۆ) دەروون یان ڕۆح وە (سۆما) لەش یان بەدەن ئەگریتەوە. لە سەردەمەکانی پیشتردا ئەیانووت کە مرۆڤی سایکۆ سۆمات خۆیان هۆکارن بۆ ئەو نەخۆشیەی کە ئەوان دووچاری بوونەتەوە. وەك باسیش ئەکرێت لە ١٩٣٠ کاندا لێکۆڵەرەوانی بواری شیکاری دەروونی ئەگەڕان بەدوای بەڵگەدا بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشیانە بدۆزنەوە کە تەنها هۆکاری دەروونیان لە پشتەوە بووە وەك (پەستانی خوێن، ڕۆماتیزم، زامی گەدە، نەخۆشیەکانی ڕیخۆڵە و کۆڵۆن). بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی لێکۆڵەرەوان لەسەر ئەوە کۆکن کە پەیوەندی نێوان هۆکارە بەدەنی و دەروونیەکان زۆر لەوە ئاڵۆزترە لەوەی کە کاتی خۆی باسیان لێکردووە.
ئەوەی زۆر ڕوونە لەلای هەمووان ئەوەیە کە بوونی سترێسی زۆر/ گرژبوونی دەروونی ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لەسەر لەش و دەروونمان بەشێوەیەکی نەرێنی. هەر بۆیە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی هەندێ تەکنیكی لەبار بۆ ئەوەی ئەو سترێسە کەم بکەینەوە قۆناغێکی گرنگە بۆ تەندروستیەکی باشتر لە لەش و دەرووندا.
ئەمانە هەندێ ڕێگای ئاسانن کە ئەگەر پیادەیان بکەیت بەدڵنیایەوە لە ٧٥% تەندروستیت بەرەو باشتر ئەگۆڕێت و هاوسەنگیەك دروست ئەکات لە نێوان لەش و دەروونتا:
- وەرزشی بەردەوام یان پیاسەی ڕۆژانە
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان و مادە هۆشبەرەکان و ئەلکهول
- خواردنی دروست. ئاگاداری خواردنی خوێ، شەکر و چەوری بە
- کردنی ڕاهێنانی دەروونی ڕۆژانە. ( خۆخاوکردنە) و گۆڕینی بیرکردنەوەی نەرێنی بە ئەرێنی.
- خەوی باش. بۆ گەورەکان ٨-١٠ کاتژمێر و بۆ مناڵان ٩ بۆ ١١ کاتژمێر
- پەیوەندیت لەگەڵ دەوروبەرتدا با سنورێکی هەبێ.
- بوونی ئیمان لە دڵدا. کە پاڵت پێوە ئەنێ بۆ کرداری باش

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر