۱۳۹۱-۰۱-۱۸

چاره‌سه‌ری دڵه‌ڕاوکێ و شێوازه‌کانی


میران زوهدی – ده‌روونناس و ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی – سوید
چارەسەری دڵەڕاوکێ و شێوازەکانی
میران زوهدی
دەرونناس و دەرونناسی کۆمەڵایەتی
سوید

بۆ چارەسەرکردن دوو ڕێگە هەیە: یەکەمیان بەکارهێنانی دەرمانە لای پزیشکی دەروونیPharmacological . دووەمیان کە زۆر کارایی باشترو درێژخایەنتری هەیە بریتیە لە ڕاهێنانی تێگەیشتنی مێشکیی، مەبەستم لە Cognitive behavioral therapy یە کە کورتکراوەکەیCBT یە. ئەم شێوازە لای دەرونناسی کلینیکی دەکرێت Clinical Psychologist کە تایبەتمەندی لە ڕاهێنانی تێگەیشتنی مێشکیی هەبێت، نەک دەرونناسێک کە تەنها دەرونناسی وەک زانست خوێندبێت.
بەکارهێنانی دەرمان خێرایەو زوو کاری خۆی دەکات لە چاو ئەم ڕاهێنانەدا، بەڵام دەرکەوتووە زۆر کەس دوای بەکارهێنانی دەرمانەکەو تەواو بوونی دەرمانەکان، کە لە 3 مانگ کەمتر بەکارناهێنرێ، دڵە ڕاوکێکە سەر هەڵدەداتەوە یان بەتەواوەتی کۆتایی پێنایەت. ئەویش لەبەر ئەوەی کە زۆربەی زۆری سەرهەڵدانی ئەم دڵە ڕاوکێیە بەهۆی ڕووداو کارەساتی دەرەکی و خەفەت خواردن و بەهەست وەرگرتنی کارەساتو گۆڕڕانکاریو ڕووداوە دەرەکییەکانەوە دەبێت کاتێک تاک ئەم کارەساتو ڕووداوانە بە هەڵە لەقەڵەم دەداتو تێیان دەگات.
وەک ئامەژەم پێداهەرچی ڕاهێنانی دەروونیە کاتێکی درێژتر دەخایەنێت لە بەراورد لەگەڵ دەرماندا، تا مێشک و بیرکردنەوەکانی دەگۆڕدرێن. لەم مێتودەوە کەسی توشبوو وا ڕادەهێنرێت لەڕێگەی تەکنیکو ڕاهێننی مێشکییەوە و فێرکردنی شێوازی بیرکردنەوەوە، کە ئەم کارەساتو گۆڕڕانکاریو ڕووداوە دەرەکییانە بەهەڵە وەرنەگێرێتو بە نێگێتیڤ وەیریان نەگرێت. بۆ نموونە گەر کەسێک یەکێکی خۆشەویستی لێدەمرێت یان بەجێدەهێڵێت لە بەهاردا یان پایز یان هەر وەرزێک بێت. گەر ئەو کەسە لەم بۆنەیەوە توشی دڵەڕاوکێ بوبێت ئەوا بە نزیکبونەوەی ئەم وەرزو بەرواری ڕووداوە ڕۆژ بە ڕۆژ تاک ترسی لێدەنیشێتو جەستەی خۆی ئامادە دەکات بۆ هەمان ڕووداو کە پار ڕوویداوە (ئەو ئامەدە فیسیۆلۆژییەی کە لە بەشی یەکەمدا باسمان کرد). لەبەر ئەوە ڕاهێنانی دەروونی زۆر کاریگەری زیاترە لەم کاتەدا. لەبەرئەوەی کە تاک ڕادەێنرێت کە مەرجنیە هەموو ساڵێک لە هەمان کاتدا شتێکی ناخۆشو ترسناک ڕووبدات. لەبەر ئەمە ئێستا لە ئەوروپادا هەردووک لەم ڕێگایانە پێکەوە بەکاردەهێندرێن، واتە دەرمان لەگەڵ ڕاهێنانی دەروونی کە ئەنجامێکی زۆر باش دەدات بەدەستەوە. کاتێک کەسی توشبوو کە لێرە بەدواوە بە داخەوە بە نەخۆش ناوی دەبەم وەک هەموو نەخۆشێکی دی، ساتێک نیشانەی لێدەردەکەوێتو چەند جارێک توشی ئەم شاڵاوی پانیکە دێت، واهەست دەکات دڵی شتێکێتی و بەم زووانە توشی جەڵدەی دڵ دەبێت و تەنانەت زۆر کەس تەلەفون بۆ ئەمبوڵانس دەکەنو دەڵێن خەریکە جەڵدەی دڵ لێمان دەدات. بەهەرحاڵ هەرچەندە بشچن بۆ لای پزیشکی دەروونی یان دەروونناس، هەرچەندە ئەمانیش بزانن کە نەخۆشەکە توشبووە بە دڵەڕاوکێ ئەوا بەر لە نوسینی دەرمان یان بەرنامە دانانی ڕاهێنانی دەروننی دەبێت بەر لە هەمووشتێک نەخۆشەکە پشکنینی تەواو بکات وەک پشکنینی خوێن تاکو بەهای جگەرو غودە بزانرێت، پاشان تەختیتی دڵ EKG ی بۆ دەکرێت لەکاتی حەوانەوەشو جوڵاندنەوەشدا، کە ئەمانە دەرکەوت کە هیچی نیە ئینجا دەستدەکرێت بۆ بەرنامە دانان یان پێدانی دەرمان گەر ڕادەی دڵەڕاوکێکە یان ووروژمی پانیکەکە زۆر بەهێزبێت. ساتێک کە لەگەڵ دەرونناس دادە نیشێت بۆ ئینتەرڤیوی یەکەم، دەرووناس هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی زانیاری تاکو لەڕێگەیەوە بتوانێت بەرنامە بۆ چارەسەرکردن دابنێت.
کۆکردنەوەی زانیاری 1- ئەو شتانەی کە نەخۆش بەهەڕەشەیەکی گەورەی لەقەڵەم دەدات و بەهەڵە تێیگەیشتووە و تووشی تۆقینی دەکات.
2. چ هەستێک لای نەخۆش دروست بووەو لێی دەترسێت.
3. چی شتێک بۆتە هۆی وەگەڕ خستنو دەست پێکردنی ئەم پانیکە. بۆ نموونە شوێنو ژینگە وەک ناو پاس، تونێل یاخود کەسانی چواردەوری ...هتد
4. کەسی توش بوو هەوڵ دەدات خۆی لە چی بدزێتەوە بۆی ئەم پانیکەی بۆ نەیەتەوە.
وەڵامی ئەم پرسیارانە زانیارییەکی باشمان ئەداتێ لەسەر کێشەکە و دەتوانین بۆ ئەوەی بزانین ئەو بیرکردنەوانەی کە نەخۆش زۆر بە نێگەتیڤی لە قەڵمیان دەدات چین، لە نەخۆش بپرسین... ئایا زۆر قەلەقی بەوەی کە وروژمێکی پانیکت لەناکاو بۆ بێتەوە؟ وەڵامی نەخۆش ئەگەربەڵێ بوو (کە لە سەدا %99.9 بەڵێیە لەبەر ئەوەی گەر وانەبێ سەردانی پزیشک ناکات و گوێی پێنادات). پاشان دەرونناس دەپرسێت بیر لە چی دەکەیتەوە ساتێک بیر لە هاتنی ووروژمێکی پانیکی تر دەکەیتەوە؟ ئایا بیرکردنەوەی تایبەتنو پەیوەستن بەو شوێنو ژینگانەی کە لێیان دەترسیو بەلاتەوە ناخۆشن؟ بیر لە چی دەکەیتەوە ساتێک هەست دەکەیت پانیکەکە خەریەکە وەگەڕ دەکەوێ یان دەست پێدەکات؟ باشە کاتێک کە ئەم وورژمی پانیکە تەواو بوو بیر لەچی دەکەیتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە زانیارییەکی زۆرمان ئەداتێ بۆ داڕشتنی بەرنامە بۆ چارەسەر.
کاتێک کە خۆم پراکتیکم کرد لە یەکێک لە خەستەخانەکانی سوید، کە بەشێک بوو لە خوێندنەکەم وەک دەروونناسی کلینیکی ئەم پرسیارانەم ئاڕاستەی یەکێک لە نەخۆشەکانم کرد تاکو بتوانم زانیاری لەسەر نەخۆش کۆبکەمەوە. (ئەم پرسیارانەم کە تۆمارم کردبوو بە ئاگادری نەخۆش خۆی، دوایی وەک بەڵگە بەکارم هێنا لە نوسنی بەحسەکەمدا لە کۆتای ساڵدا، ساڵی 2010)
دەروونناس د: کام نیشانانە بوون کە بۆ یەکەم جار هەستت پێکردنو چێشتت ؟ Experienced
نەخۆش ن: هەستم بە گێژبوونێکی زۆر کرد.
د: باشە، ئەی چۆن بیرت کردەوە؟
ن: زۆر قەلەق بووم و بیرم لەوە دەکردەوەو دەموت دەبورێمەوە.
د: کە بەم جۆرە بیرت کردەوە هەستت بە چی کرد؟
ن: هەستم بە دڵتەنگی و دڵەڕاوکێیەکی بەهێز کرد.
د: ساتێک ئەم هەستەت کرد چی ڕوویدا لە لەشتدا؟
ن: هەستم کرد دڵم کەوتە ترپە ترپو هەموو لەشم کەوتە لەرزین.
د: ئەی چۆن بیرت لەم ڕووداوە کردەوە؟
ن: بەوپەڕی قەناعەتەوە دەموت کارەساتێکی زۆر ترسناکم لێڕوودەدا...یان دەمرم یان شێت دەبم.
د: کە بەم شێوازە بیرت کردەوە چ هەستێکت لا دروست بوو؟
ن: لەڕاستیدا تووشی پانیکێکی زۆر بەهێز بووم. تۆقین یان ترسێکی زۆر بەهێز.
د.ئەمە هەستێکی زۆر ترسناکو زۆر ناخۆشە ساتێک هەست دەکەیت ئەو نیشانانەی کە لە لەشتدا ڕوویداوە وەک هەست کردن بە گێژ خواردن دەبێتە هۆی بیرکردنەوەیەکی زۆر ترسناک ئەویش کە تۆ پێت وابووە دەبورێیتەوە و خودی ئەم بیرکردنەوەیەش بێگومان دەبێتە هۆی زیاد بوونی دڵەڕاوکێکە و ئەم دڵەڕاوکێیەش دەبیتە هۆی هێندە زیاد بوونی لێدانی دڵ، تەنگە نەفەسی و ئازاری سەر سنگو ...هتد. و وەک بازنەیەک هەر دووبارە دەبنەوە.
بازنەیەکم بۆ کێشا کە من لێرەدا وەک هێڵک دەیکەم:
دەرکەوتنی نیشانە(بورانەوە)---> بیرکردنەوە (ترسناک) —>هەست (دەبورێمەوە)—>دەرکەوتنی نیشانەی تر (ترپە ترپی دڵ)—>بیرکردنەوە—>هەست و بەم شێوەیە وەک بازنەیەک دووبارە و سێ بارە دەبێتەوە.
دوای ئەمە لێکۆڵینەوەکە بەردەوام دەبێت تا بزانرێت چی دەبێتە هۆی وەگەڕخستنی ئەم پانیکە و بە هۆیەوە بزانرێت نەخۆش خۆی لە چ لەم ڕووداوانە دەدزێتەوە؟
د. ئایا هەندێ شوێن یان ڕووداو هەن کە ببنە هۆی سەرهەڵدانی پانیک لای تۆ؟ ن. بەڵێ
د. هەوڵ دەدەیت کە خۆت لەم شوێنانە بدزیتەوەو بۆی نەچیت تاکو توشی پانیک نەبیت؟ چەند زوو زوو خۆت لەم شوێنانە دەشاریتەوە؟ لە ڕێگەی ئەم پرسیارانەشەوە دەتوانرێت بزانرێت ئەگەر کەسی توشبوو ئاگورا فۆبیاشی لەگەڵدا بێت کە دوایی بە کورتی پێناسی دەکەم. پاشان بۆی کە بزانرێت تا چەند کەسی توش بوو هەوڵی داوە بۆی خۆی لەم پانیکە ڕزگار بکات، ئەم پرسیارانەم ئاڕاستەی نەخۆش کرد.
د. کاتێک توشی دڵەڕاوکێیەکی بەهیز بویت لەبەر ئەوەی کە دڵت لەپڕێکدا زۆر بەهێز لێیدەداو وات لەقەڵەمدا کە یان دەمریت یان دەبوورێیتەوە …هیچ کارێکت کرد بۆ ئەوەی کە ئەو شتە ڕوونەدات؟
ن. هەوڵم دا خۆم خاو بکەمەوە تا لێدانی دڵم بێنمە خواەوە.
د. چۆن چۆنی؟
ن. بە خۆم دەوت هێواش بەرەوە لە هەمان کاتدا هەوڵم دەدا هەناسە بە قوڵی و هێواشی بدەم.
د. ئەتوای پیشانم بدەیت چۆن کردت؟
ن. هەناسەی قوڵم هەڵمژی بەم شێوازە (نەخۆش پیشانی دەدا).
د. باشە، چیترت کرد بێجگە لەمە؟
ن. هەرچەندە عەیبیشە بەڵام زەرفێکی کاغەم پێبوو کە هەناسەم پێ ئەدا بۆ ئەوی کە نەبورێمەوە، هەموو کات وائەکەم کاتێک توشی دڵەڕاوکێ ئەبم.
د. بە بۆچونی من هەندێ شتی هەڵە بەکار دەهێنیت بۆ کۆنترۆڵ کردنی دڵەڕاوکێکەت، بە بڕوای تۆ چی ڕووئەدات گەر تۆ ئەم شتانە بەکار نەهێنیت کاتێک توشی دڵەڕاوکێ ئەبیت.
ن. زۆر بە قەناعەتەوە لەناو ئەچم.
ئەم زانیاریانە یارمەتی دەرونناس دەدات کە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو بکات دەربارەی نەخۆشەکەو ئەم پرۆسەیەش دەبێت بەردەوام بێت هەموو جارێک کە یەکتر دەبیننەوە.
چارەسەر
چارەسەرکردن بە ڕاهینانی دەروونی لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕدرێت و لە بەینی 10 تا 15 جەلسە دەخایەنێت کە ئەمەش لە ماوەی چەند مانگێکدا دەبێت وئەویش کەوتۆتە سەر لاوازیو بەهێزی نیشانەکانی.
پاش ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەو پرسیارانەوە توانیمان زانیاری دەربارەی نەخۆشو هۆکارو ڕەفتاری نەخۆش کۆبکەینەوە ئینجا دەست دەکەین بە دانانی بەرنامە بەم شێوازە:
1. فێکاری دەروونی
لە کاتی دەستپێکردنی یەکەم جەلسە، دەرونناس هەڵدەستێت بە زانیاری پێدان بە کەسی توشبوو، سەبارەت بە چۆن لەشی مرۆڤ کاردەکات و وەڵام دەداتەوە لەکاتی سترێسو دڵەڕاوکێدا (هەروەک ئەوەی کە باسمان لێکرد لە بەشی یەکەمدا). ئەمە یارمەتی نەخۆش دەدات کە وەڵامدانەوەکانی لەشی بە هەڵەو زیاد لە پێویست لە قەڵەم نەدات ساتێک توشی پانیک دەبێت، بەڵکو وەک وەڵامدانەوەیەکی سروشتیو جەستەیی لە قەڵەمی بدات هەرچەندە لە شوێنو ساتێکدا ئەم وەڵامدانەوە فیسیولۆژیە دێت کە سودی نیە بۆ لەشو مرۆڤ لە ساتی خەتەرناکدا نیە. ئەمە ئەبێتە هۆی کەم کردنەوەی ئەوبیرکردنەوە خراپانەی کە نەخۆش دەیکاتەوە کاتێک توشی پانیکو دڵەڕاوکێ دەبێت. بۆ نموونە بۆی دەردەکەوێت کە زۆر لێدانی دڵ و تەنگەنەفەسی نابێتە هۆی مردنو خنکاندن یان بورانەوە.
2. پێدانی یاداشتنامە
دەرونناس لە دوای ڕوونکردنەوەی خاڵی یەکەمەوە دەبێت یاداشت نامەیەک بدات بە نەخۆش تاکو هەرکاتێک کە پانیکی بۆ هات بتوانێت ساتو شوێنەکەی تۆمار بکات. لەم ڕێگەیەوە نەخۆش ڕادەهێنرێت کە بەئاگابێت لە وەی کە چ جۆرە بیر کردنەوەیەک بووە هۆی وەگەڕخستنی پانیکەکە. لە ڕێگەی ئەم بەئاگا بوونەوە نەخۆش ڕادەهێنرێت کە پێناسەی ئەو بیرکردنەوە نەستیانە بکات کە ئۆتۆماتیک و بەبێ بەئاگایی تاک لەمێشکیدا دەکەونە گەڕو دەبنە هۆی چ جۆرە هەستو دەرکەوتنی چ جۆرە تەبیعەتێک. دواتر بە یارمەتی دەرونناس یان ڕاهێنەری دەروونی، هەوڵ دەدرێت کەسی توشبوو ئەم بیرکردنەوانە بەشێوازێکی تر لە قەڵەم بدات نەک وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر نەخۆش. لەم ساتەوە کەسی توشبوو ڕادەسپێردرێت کە لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن بکات لەسەر هەموو جۆرە وروژێنەرێک کە دەبێتە هۆی دروست بوونی پانیک یان دڵە ڕاوکێ، بۆ نموونە، چ ڕووداوێک، شونەوارێک، چ جۆرە هەستێک، چ جۆرە بیرکردنەوەیەک دەبێتە هۆی دەرکەوتنو سەرهەڵدانی پانیکەکە. ئەوکات هەوڵ دەدرێت کەسی تووشبوو ڕابهێنرێت کە کۆنترۆڵی ئەم ووروژاندنانە بکاتو بە کارێکی ترسناک لە مێشکیدا جێگیریان نەکات.
3. فێرکردن و ڕاهێنانی هەناسەدان
لەم ڕێگەیەوە دەروونناس یان ڕاهێنەری دەروونی نەخۆش فێری شێوازو تەکنیکی هەناسەدان ئەکات. هەوڵدەدرێت کە ڕابهێنرێت کە هەناسەدان لە ڕێگەی سکەوە بدات نەک بە سنگ و بەو هەناسە کورت کورت و خێرا خێرایەی کە لای ئەوانەی دڵەڕاوکێیان هەیە زۆر باوە. هەناسەدانەکە بەم شێوازە دەبێت.
1. سەرنج بدەرە خاڵێک لە دیوارێکی بەرامبەرت یان مۆمێک و هەناسە بدە بە وورگ (سک) نەک بە سنگ و لەڕێگەی لوتەوە نەک بە دەم.
2. هەناسەیەکی قۆڵ لە ڕێگەی لوتەوە بەهێواشی هەڵدەمژیت لەهەمان کاتدا بەهێواشی لە یەکەوە تا سێ دەبژێریت لە خەیاڵتدا نەک بەدەم. لەهەمان کاتدا هەست بکە بەوەی کە چۆن هەناسەکە دەڕوات بەناو لوتتداو دەچێت بۆ ناو قوڵایی سکت یان گەدەت.
3. کە هەناسەت هەڵمژی بەم شێوازە ئینجا ڕادەوەستیتو لەسەرخۆ لە یەکەوە تاکو سێ دەبژێریت.
4. لەپاش ئەمە بەهێواشی هەناسە بۆ دەرەوە لەڕێگەی لوتەوە دەدەیت. هەستی پێبکە کە چی پاشەڕۆی ئەو ئۆکسجینە هەیە کە هەڵت مژیوە لەهەموو لەشتەوە لە ڕێگەی کونەکانی لوتتەوە پاڵی پێوە دەنێیت بۆ دەرەوە و لە هەمان کاتدا تا سێ دەبژێریت.
ڕۆژانە لە بەینی 8 تا 10 جار ئەم ڕاهێنانە دووبارە دەکرێتەوە. ئەو کەسانەی کە دڵەڕاوکێیان هەیە و توشی پانیک دەبن، واهەست دەکەن کە هەناسەیان بۆ نادرێتو لەبەر ئەم هۆیەش زیاتر هەناسە دەدەنوئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئۆکسجینێکی زۆر لە سە سنگو ئازار لەسەر سنگ.
4. سەرلەنوێ داڕشتنەوەی تێگەیشتنی مێشکی Cognitive restructuring
ئەم تەکنیکە بەکاردەهێنرێت بۆ ناساندنو مامەڵەکردنی ئەو ترسانەی کە کەسی توشبوو هەیەتی بەرامبەر بەو نیشانانەی کە لەکاتی هاتنی ووروژمی پانیکو دڵەڕاوکێکەدا هەیەتی. عادەتەن ئەم بیرکردنەوانە ترسێکی موبالەغە لە خۆ دەگرێت بەرامبەر بەوەی کە چی ڕوودەدات کاتێک کە پانیکم بۆهات، وە وەرگێڕانو لەقەڵەمدانی هەموو ئەو نیشانە فیسیۆلۆژیانە (وەک لێدانی دڵو هەناسە بڕکێ و …هتد) بە کارەسات. کەسی توشبوو هاندەدرێت کە بپرسێت لەخۆی ئایا ئەم بۆچونانەی من تا چەند لە ڕاستیدا (لە حەقیقتدا) ڕاستن. کەسی توشبوو هاندەدرێت کە ڕوونکردنەوەیەکی ئەقڵانی و شیاو بۆ ئەم نیشانە و وەڵامدانەوە جەستەییانە بدۆزێتەوە. بەشێکی تریش لەم پروسێسە دۆزینەوەو پێناسەکردنی ئەو هۆکارانەیە کە بەبڕوای کەسی توشبوو دەبنە هۆی سەرهەڵدانی پانیکەکە. ئەم خاڵەیان زیاتر بە دیالۆگی سوکراتی بەناوبانگە، ئەویش بەوەی کە هەوڵدەدرێت کە کەسی توشبوو خۆی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوەو لەو هۆکارانە بکۆڵێتەوە کە بە بۆچونی ئەو بونەتە هۆی دڵەڕاوکێکە.
5. تاقیکردنەوە
ئەم خاڵە کە گرنگترین خاڵی چارەسەرکردنەکەیە ئەوە دەگەیەنێت کە کەسی توشبوو دەبێت خۆی بخاتە ناو ئەو ژینگەو ڕووداوو کارەساتانەی کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی دڵەڕاوکێو وەگەرخستنی ووروژمی پانیک. بۆ ئەوەی ئەم کارە بکرێت دەبێت دەرونناس پێناسی ئەو حاڵەتانە بکات بە شێوازێکی هیرارکی (لە گەورەوە بۆ بچوک) کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ. بەرزیونزمی پلەی ئەو دڵەڕاوکێیانەی کە دروست دەبن لە ڕووداوو حاڵەتە جۆراوجۆرەکاندا، بە پێوەری لە 0 تا 10 کە 0 نیشانی دەدات کە هەستی دڵەڕاوکێ نیە و 10 بەرزترین پلەی دڵەڕاوکێیە. بۆنموونە لە کاتی چونە ناو تونێل پلەی دڵەڕاوکێ لە 3 دایە، بەڵام لەکاتی چونە ناو ئاسانسۆرەوە (مەسعەد) پلەی دڵەڕاوکێ لە 7 دایە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دڵەڕاوکێ لەم ڕووداوەدا بەرزترە تا ناو تونێل. پاشان وەک دەستپێک یەکەم جار کەسی توشبوو ڕادەسپردرێت کە بچێتە ناو ئەوشوێنو ڕووداوانەوە کە لەسەر پێوەرەکە کەمترین پلەی سەرهەڵدانی دڵەڕاوکێیان هەیە وەک چونە ناو تونێلەکەوە یەکەم جار تاکو دڵەڕاوکێکە جار بە جار دێتە خوارەوە بۆ سەر خاڵی سفر. پاشان پلەی دووەم کە ناو ئاسانسۆرەکە بوو…هتد. ئەم ڕاهێنانانە بە نوسینو خویندنەوە زۆر ئاسان دیارە، بەڵام باوەڕتان بێت تا مێشکی مرۆڤ ئەم ڕەفتارەی خۆی دەگۆڕێت ئەم شوێنەوارو ڕووداوانە بەترسناک لە قەڵەم نادات کەمترینی چارەسەری ڕاهێنانی دەروونی 6 مانگ دەخایەنێت تا ساڵێک. گەر پلەی دڵەڕاوکێکەش زۆر بەهێزبێت لەگەڵ ڕاهێنانەکەدا لەهەمان کاتدا دەرمانیش بەکار دەهێنرێت. ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە زیاتر بۆ ئەو دڵەڕاوکێیانە دەبێت کە ئاگورا فۆبیاشی لەگەڵدایە واتە ترسو تۆقین لە ژینگەی دەرەوە وەک شوێنی قڵەباڵغ یان شوێنی وەک نموونەکەی سەرەوە لەم کاتەدا ڕاهێنەری دەروونی لەگەڵ کەسی توشبوودا دەچێتە ناو ژینگەکەوە بۆ خستنە گەڕی دڵەڕاوکێکە، بەڵام دەتوانرێت بۆ ئەو جۆرە دڵە ڕاوکێیانەی کە تەنها پەیوەستن بە هەستو بیرکردنەوەوە سود لە شێوازێکی تر وەربگیرێت کە بە Flooding ناودەبرێت. ئەمیش جیاوازیەکەی ئەوەیە کە لە ژووری ڕا‌هینەری دەروونیدا ئەنجامدەدرێت لەباتی ئەوەی کە لە پلەیەکی نزمی دڵەڕاوکێوە دەست پێبکرێت یەکسەر لە بەرزترین پلەوە دەستپێدەکرێت. بۆ نموونە گەر تەنگەنەفەسیو هەناسە سواری بێت کە هۆی سەرهەڵدانی دڵە ڕاوکێکە بێت ئەوا قەسەبێک دەدەیتە دەست کەسی توشبوو تاکو لەو قەسەبەوە هەناسە بدات بۆ وەگەڕخستنی تەنگەنەفەسی و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دڵەڕاوکێ کە گوایە هەناسەی بۆ نادریت. پاشان لەگەڵ ڕاهێنەری دەروونیدا سەرنجدەدرێتە ئەو وەڵامدانەوە دەروونی و فیسیۆلۆژیانەی کە دەبینرێنو سەریان هەڵدا لە بۆنەی وەگەڕخستنی ئەم دڵەڕاوکێیەوە وە هەوڵ دەدرێت کە بۆ کەسی توشبووی دەربخەین کە ئەم وەڵامدانەوە جەستەییو دەروونیانە بەو شێواە خەتەرنین کە کەسی توش بوو لە‌قەڵەمی دابوو.
چەرەسەر دەرمانی لای پزیشکی دەروونی دەکرێت. ئەو دەرمانانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ کۆمەڵە دەرمانانە دەکرێت کە بە SSRI ناسراون ئەمەش کورتکراوەی Selective serotonin reuptake inhabitor ئەو جۆرە دەرمانانەش بریتین لەمانە (Sertraline، Paroxetine، fluxetine، Citalopram، and esitalopram) ئەم دەرمانانە لە میلیگرامی کەمەوە بە پلە بەرزدەکرێتەوە بۆ میلیگرامی بەرز تا نەخۆش نیشانەکانی ون دەبن و دەبێت هەر بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی دەرمانەکان تا دواتر بە پێی ڕێنمایی پزیشکی دەروننی پلە بە پلە میلیگرامی دەرمانەکان دادەبەزینریتەوە. ئەگەر لەم کاتی نزمکردنەوەی میلیگرامی دەرمانانەدا نیشانە سەری هەڵدایەوە دەبێت نەخۆش بە زووترین کات پەیوەندی بکاتەوە بە پزیشکەکەیەوە تاکو میلیگرامەکان بەرزبکەنەوە. باشتر وایە هەردەم بچیتەوە لای هەمان پزیشک کە لە سەرەتاوە هەڵتبژاردووە.
خوێنەرانی خۆشەویست هیوادارم سودێکم گەیاندبێ بە ئێوەی ئازیزو خۆشەویست، لەگەڵ کەمی دەرفەتیشدا هەوڵم زۆردا کە بە شێوازێک ئەم کێشەی دڵەڕاوکێیە بنووسم، بۆ ئەوەی گەر کەسانێکیش هەبن گیرۆدەی ئەم دڵەڕاوکێیە بن بتوانن بەهەرحاڵ لەبەشی چارەسەرەکەیدا تۆزێک یارمەتی خۆیان بدەن، چونکە وەک دەزانن لەکۆمەڵگای ئێمەدا خەڵکان پێیان شەرمە کە بیماری ڕۆحی خۆیان بکەن لە ڕێگەی سەردانی کەسانی وەک دەرونناسو پسپۆری دەروونییەوە.
لەگەڵ ڕیزو خۆشەویستی بێ پایانم بۆ ئێوەی خۆشەویست
miran.psychologist@hotmail.com
http://miranzuhdy.blogspot.com/
www.derunnasy.com

۱۳۹۱-۰۱-۱۴

وانە یە ک لە پەپولە وە


                                      
له‌ئینگلیزیه‌وه‌:م.گه‌لاوێژحه‌مه‌مین

ڕۆژێکیان پەپولەیەکى بچوک لە قۆزاخەیەکەوە دەرکەوت،
پیاوێکیش بۆماوەى چەند 
سەعاتێک دانیشتو سەیرى دەکرد لەو کاتەى هەوڵى دەدا بە زۆرلاشەى لەو کونەبچوکە بێنێتە دەرەوە.
پاشان وادیاربوو کە هیچ بەرەو پێشچونێک بەخۆوە نابینێ،
 وادەردەکەوت کە هەموو تواناى خۆى بەکارهێناوە
 بەڵام لەوە زیاترناتوانێ بجوڵێ و بێتە دەرەوە.
بۆیە پیاوەکە بڕیارى دا یارمەتى پەپولەکە بدات: 
مقەستێکى هێناو قۆزاخەکەى کردەوە.دواترپەپولەکە بەئاسانى هاتەدەرەوە.
بەڵام لاشەیەکى سیس و لاوازى هەبو،زۆربچوک بوو باڵەکانیشى چرچ و لۆچ بوون.
پیاوەکە بەردەوام بوولەسەیرکردن،چونکەپێشبینى ئەوەى دەکرد لەهەر ساتێکدا  باڵەکانى دەکرێنەوەو گەورەوفراوان دەبن و یارمەتى لاشەى پەپولەکە دەدەنو بەهێزو خۆراگرى دەکەن.

بەڵام هیچ یەکێک لەوانە رووى نەدا.
لە ڕاستیدا پەپولەکە پاشماوەى ژیانى بە سنگەخشێ و لاشەیەکى لاوزو باڵى چرچ و لۆچەوە بەسەربرد،
وەهەرگیز نەیتوانى بفڕێ.
ئەوەى پیاوەکە ئەتجامیدا لەمیهرەبانى و نیازباشیەوە بوو،
نەیدەزانى کە سنوردارى قۆزاخەکەو هەوڵدان بۆهاتنە دەرەوە لێى پیویستن بۆپەپولەکە،ئەوە شێوازى خواى باڵادەستە بۆرژاندنى شلەمەنیەک لە  لاشەى پەپولەکەوە بۆباڵەکانى بۆئەوەى ئامادەبێت بۆفڕین کاتێ لەقۆزاخەکە ئازادبوو.
هەندێ جار ململانێ بەتەواوى هە ئەو شتەیە کە لە ژیاندا پێویستمانە.
ئەگەر خودا ڕێگەى بداینایە بەبێ لە مپەرو ناخۆشى ژیان بەرێ بکەین،ئەوا بێهێزو گۆج دەبووین و ئەوەندەى ئێستا بەهێز نەدەبووین،وە هەرگیز نەماندەتوانى بفرین.
داواى بەهێزیم کرد.....و خودا ناخۆشى و دژوارى پێبەخشیم تا بە هێز بم.
داواى ژیریم کرد......و خودا کێشە ى پێبەخشیم بۆئەوەى چارەسەریان بکەم.
داواىسامان و دەوڵەمەندیم کرد......و خودا مێشک وتواناى جەستەیی پێ بەخشیم تا کاربکەم.

داواى ئازایەتیم کرد......و خودا ئاستەنگ و بەربەستى پێ بەخشیم تا زاڵبم بەسەریاندا.
داواى خۆشەویستیم کرد......و خودا مرۆڤى کێشەدارى نیشاندام تا یارمەتیان بدەم.
داواى چاکەم کرد......و خودا هەلى بۆ رەخساندم.
هیچم بەدەست نەهێنا لەوەى ویستم..............بەڵام هەموو شتێکم دەست کەوت لەوەى پێویستم بوو.
بژى ژیانێک بەبى َترس،ڕووبەڕووى هەموو لەمپەرەکان ببەرەوەو ئەوەش بزانە کە دەتوانى بەسەریاندا زاڵ ببى.