۱۳۹۱-۰۱-۳۱

ڕۆڵی کارامه‌یی مامۆستا له‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکردندا


– مه‌حمود ناوخاس – سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی و نووسه‌ر له‌بواری په‌روه‌رده‌ و منداڵ
ڕۆڵی کارامەیی مامۆستا لە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردندا
مه‌حمود ناوخاس

سه‌په‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی و نووسه‌ر له‌بواری په‌روه‌رده‌ و منداڵ
(داوای لێبوردن له‌ مامۆستا مه‌حمود ده‌که‌ین که‌ له‌سه‌ره‌تای ڕاگه‌یاندنی پێشبڕکێی وتاره‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ی بۆ ناردبووین به‌ڵام به‌هۆی سه‌رقاڵیمانه‌وه‌ له‌ بیر کرابوو)
مامۆستا ڕۆڵێکی گرنگ وزیندوی لەکاری فێرکردندا هەیە،چونکە بەجێهێنەری سەرەکی پرۆگرامی خوێندنە و،ئاراستەکارو رێنوێن و سەرکردەی پۆلیشە بۆ خوێند کاران لە کرداری فێربون و فێرکردندا و، هەر ئەویشە کە هەڵسوڕێنەری بەدواداچونی دەرئەنجامەکانی خوێندکاران دەکات و هەوڵی باشترکردن و پەرەپێدانی دەدات،هەروەک لە هەمان کاتدا مامۆستا رەگەزێکی زۆر کاریگەری نێو رەگەزەکانی کرداری فێرکارییە وکاریگەرە لەسەرکەسیەتی خوێندکاران ،چونکە راستەوخۆ ئاوێتەی کارەکەیەوکاتێکی زۆری لەگەڵدا بەسەر دەبات . جا لەروانگەی ئەو لێشاوە پێشکەوتنە رۆشنبیرییەی کە جیهانی ئەمڕۆ بەخۆیەوە بینیویەتی و ئەو گۆڕانکارییە خێراییانەی کە لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا بەدی هاتوون و کاریگەریان لەسەر مرۆڤی ئەمرۆ هەیە، ئەرکی مامۆستای چەندهێند تر کردۆتەوە بۆ زیاتر ئاشنابون بەکارەکەی و ڕۆچون لە پێکهاتەکانیدا بە مەبەستی قاڵبون تیایداوزاڵبون بەسەر گرفت و پێشهاتەکانیدا، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم ئەوراستییەی کە واپێویست دەکات زیاتر گرنگی بە پێکهێنان و ئامادەکردنی مامۆستایان بدرێت ودڵنیایی لەوە دەستەبەربکرێت لەدامودەزگاکانی پێگەیاندنی مامۆستایاندا کە لەهەمو رویەکی پیشەیی و کەسییەتی وتواناکانی گەیاندنەوە مامۆستا بۆ ئەم رۆڵە مەزنە ئامادەکراوە، بۆ گەیاندنی پەیامەکانی پەروەردەو فێرکردن بە پیرۆزی و لەخزمەتی کۆمەڵگادا.چەمک و واتای ڕۆڵ لە کرداری فێرکردندا:ڕۆڵ ،بەواتا فراوانە گشتیەکەی ، مە بەست ئە وکۆمەڵە چاپوکی و چالاکیە پێکەوە پەیوەستانەیە کە دەکرێت تاک ئەنجامی بدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی چاوەڕوانکراو یان دەستنێشانکراولە هەڵوێستەکاندا، هەروەک (کاتزوکاهن) لە پێناسەی ڕۆڵدا دەڵێت : ئە وچوارچێوە پێوەرە ڕەفتارییەیە، کەوا لەسەر تاک پێویست دەکات بە چالاکیانێک هەستێت لەبەر پەیوەست بون و هاوبەشی لە کارێکدا ،بە چاوپۆشیکردن لەو ویست و حەزە تایبەتیانەی خۆی کە دوورن لە ئامانجەکانی ئەو کارە؛ ئەمەش ئەوڕاستییە ڕوونتر دەکاتەوە ،کە ڕۆڵ لەکاری فێرکردندا دەبێت بەتەواوەتی دووربێت لە مەزاج و سۆزو هەڵچونە تایبەتە ناوەکییەکانی مامۆستا ،چونکە بەدڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر پرۆسەی فێرکردن و، لەبنەما زانستییە پەروەردەییەکانی دور دەخاتەوە، وە لەبەر ئەوەی تێڕوانینەکان بۆ واتاو چەمکی ڕۆڵ جۆربەجۆرەو ناوەندی کارو توانای تاکەکان لەتێگەشتنی واتای رۆڵ لەکاری فێرکردندا بە پێی تواناو بیرکردنەوەکانی ئاڕاستەکارانی بواری فێرکردن دەگٶڕێت،زۆر پێوستە کەمامۆستا بەرچاو ڕوون بێت و بەڕۆڵی زانستی و پەروەردەیی خۆی هەڵسێت ،تا بتوانێت بەشێوەیەکی درووست کارامەیی خۆی لە کارەکەیدا بەرجەستە بکات و زۆرترین ئامانجەکانی لە پێگەیاندن و گەشەپێدانی تواناکانی فێرخوازاندا دەستەبەربکات.ڕۆڵ و ئەرکە سەرەکییەکانی مامۆستا لە پەروەردەدا:لە تێڕوانینە پێشکەوتوەکانی جیهانی ئەمڕۆ لە سەر هەمو شتەکان ،بێگومان کاریگەریشی لەسەر پرۆسەی پەروەردە هەیە،ئەگەر لەڕابردودا ڕۆڵی مامۆستا تەنها گوێزەرەوەیەکی داماڵراو بوبێت بۆ گوستنەوەی زانیارییەکان بۆ خوێندکاران وئامانجی سەرەکی لە پەروەردەدا تەواوکردنی پرۆگرام و لەبەرکردنی بوبێت،بێگومان ئەمڕۆ پەیامی کاری مامۆستایی هەر ئەوەندە نییە ، بەڵکو دیدێکی زۆر فراونی هەموو لایانەکانی پەروەردە دەگرێتەوە ،لە کەسیەتی خوێندکارەوە دەست پێدەکات تا ئاماژەدان بە بچوکترین شت کە دەکرێت لەسیستمی پەروەردەدا بەکاربێت بۆ خزمەتی تواناکانی گەیاندن بەخوێندکاران،بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک ئەرک و داخوازی سەرەکی هەیە کە پێویستە لە کارو چالاکی مامۆستادا فەراهەم بکرێت ، تا بتوانێت بەڕۆڵی زیندوی کارای خۆی هەستێت و ،زۆرترین شوێن پەنجەشی لە بنیاتی کەسیەتی خوێندکاراندا جێبهێڵێت بە شێوەیەکی بابەتی وپەروەردەیی، کە لێرەدا هەوڵدەدەین بەڕویان بخەین.
1) کارامەیی مامۆستا لە زانیاریی پسپۆڕییەکەیدا:یەکێک لەگرنگترین ئەوکارامەییانەی کە پێویستە لە مامۆستدا هەبێت ،شارەزایی و بەئەزمون بوونە لە پسپۆڕییەکەیداو،درککردنە بە سرووشت و تایبەتماندییەکانی پسپۆرییەکەی و پەیوەندی بەشەکانی پسپۆڕییەکەی لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ زانستەکانی تردا و ، بەگەڕخستنی تواناکانی لە بەدواگەڕان و پشکنینی پێکهاتەکانی بابەتەکانی پرۆگرام ،بە مەبەستی لێوردبونەوەو کارکردن بۆ باشترکردنی کەمو کوڕییەکان و پەرەدان بە لایەنە باشەکانی ،چونکە پرۆگرامەکانی خوێندن دڵی زیندووی سیستمی فێرکردنەوڕۆچون و شۆڕبونەوە تیایداو تێگەیشتن لە ئامانج و پێکهاتەکانی و گونجاندن و هەڵبژاردنی باشترین شێوازێک بۆ وتنەوەیان ودەستەبەرکردنی هۆکارو پێداویستی گونجاو ی فێرکردن لە نمایشی بابەتەکاندا خاڵێکی تری مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی مامۆستایا لە کارەکەیدا.
.2) پلان و ئامادەکردنی زانستیانە:کاری وانەوتنەوە،کارێکی زانستیانەی بەرنامە بۆداڕێژراوی ئامادەکراوی پێشوەختەی دەوێ ، ناکرێت بەهیچ جۆرێک ڕێگەی ڕێکەوت و هەڕەمەکی بدرێت خۆی تێهەڵکێشی بکات،چونکە کارێکی لەو جۆرە لەگەڵ بنەما مەعریفییەکانی ئەم ساتو وەختە پێشکەوتووەی ئێستادا نەکراوەو و ناگونجێت، هەر پلانە کە دیدێکی زانستیانەو چاوڕوونی گونجاو بە مامۆستا دەبەخشێت تا بتوانێت لە تەواوی پێکهاتەی بابەتەکەی ئاشنابێت و بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ساڵ و مانگ و هەفتەو ڕۆژەکاندا دابەشی بکات و ئامادە سازی تۆکمەی بۆ بکات، لەهەمانکاتدا لە ڕێی پلانەوە دەتوانێت لەڕەوشی چۆنیەتی بەڕێوە چونی پرۆگرامەکە ئاگادار بێت و هەڵسەنگاندنی تەوای بۆبکات و سەرنج و تێبینییەکانی تۆمار بکات ولەتوانای گەیاندنی ئامانجەکانی بە خوێندکاران ئاگادار بێت.
.3) شێوازو ڕێگەی وانەوتنەوەی زانستییانە:ئاشکرایە کە ڕێگاو شێوازەکانی وانە وتنەوە ،ڕۆڵ و کاریگەری زیندوو پڕ بایەخیان لە پرٶسەی فێرکردندا هەیە،وە لەبەر ئەوەی کە ڕێگاکان زۆرو جۆر بەجۆرن و لە هەمانکاتدا ڕێگای کۆن و هاوچەرخیش هەیە ، ئاشنا بوونی مامۆستا بە شێوازەکان و هەڵبژاردنی گوونجاوترینیان بۆ وانە وتنەوە بە گونجاندنی لەگەڵ ناوەڕۆک و پێکهاتەی بابەتەکەدا،ئەرکێکی گرنگ و لەیاد نەکراوی مامۆستایە لە کاری فێرکاریدا،هەروەک چۆن پەیڕەو کردنیشی بەشێوەیەکی زانستی و جێبەجێ کردنی هانگاوەکانی بەشێوەیەکی درووست هەلێکی زیاتری سەرکەوتن لە کاری مامۆستایەتیدا مسۆگەر دەکات.
.4) شارەزاییەکانی پەیوەندی و گەیاندن:کاری فێرکاری واتە گەیاندن بە پلەی یەکەم، جا بۆ ئەوەی مامۆستا لەم کارەیدا سەرکەوتوو بێت زۆر گرنگە کە شارەزای توناگەیاندنییە زارەکی و نازارەکییەکان- ئاماژە – بێت،چەند بکرێت زمانی سادە و ئاسان و تێگەیشتراولە ڕاڤەی بابەتەکاندا بەکار بهێنێت ، هەروەک توانای مامۆستا لە دواندن و گفتوگۆ وشێوازی پرسیارکردن ووەڵام لێوەرگرتنەوە بە شێوازێکی پەروەردەیی و دوور لە خۆسەپاندن وئاڵۆزکردن زۆر گرنگە کاری لەسەر بکرێت.
5) بەکار هێنانی کارامەیی وروژاندن و سەرنجڕاکێشان و ئاگایی خوێندکاران :هەموو ئەو لێکۆڵێنەوە و توێژینەوە هاوچەرخانەی لە بواری پەروردەو دەروونی تایبەت با کاری فێرکردنەوە کراون ،ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە کاری فێرکردن کارێکی گشتگێرەو باری تواناو سەرنج و ئاگایی خوێندکاربەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوو ئاماژە بۆکراوی پرۆسەی فێرکردنە،کەناکرێت بەهیچ بیانوو مەبەستێک پشتگوێ بخرێت،بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە مامۆستا لەو چالاکیانە ئاگادار بێت کە تواناکانی ئاگایی و سەرنجڕاکێشان لای خوێندکاران درووست دەکەن وهەمیشە هاندەریان بێت بەشێوازێکی پەروەردەیی بۆ زیاتر بەشداربوون و ئاوێتە کردنییان لەگەڵ پرۆسەی فێرکردندا.
6) برەودان بەکەسیەتی خوێندکارو پەرەپێدانی:ئاگاداربوون لە قۆناغەکانی گەشەوئاستی تێگەیشتنی خوێندکاران وتێگەیشتن لە بناماکانی تایبەتمەندێتی قۆناغەکان و جۆری کەسێتی خوێندکاران ،هاوکارێکی پڕ بایەخی مامۆستایە لە گەیاندنی پەیامە کانی بە خوێندکاران،چونکە ئەم تێگەیشتنە هاوکار دەبێت بۆ بەکارهێنانی شێوازی گونجاوی گەیاندنەکان ،بە مەبەستی بنیاتنانێکی درووستی کەسیەتی لای خوێندکاران و ڕوواندنی بنەماکانی بڕوا بەخۆبوون لە ناخیانداودروستکردنی حەزی بەدواگەڕانی خۆیی لە دەروونیاندا،تابتوانن لە داهاتوودا لەسەر پێی خۆیان بوەستن وتاکێکی بەسوود بن لەکۆمەڵگەدا.
.7) پەیڕەو کردنی جیاوازی تاکایەتی :مە بەست لە جیاوازی تاکایەتی ،تەنها لەبەرچاوگرتنی تواناکان زانیاری وەرگرتن نییە، بەڵکوو زانستی نوێ تاک وەکوو یەکەیەکی لەیەکدانەبڕاو سەیردەکات ،بۆیە پێویستە مامۆستاش بە هەمان دید بۆ خوێندکار بڕونێت و سەرجەم تواناکانی لە بەرچاو بگرێت لە لایەنە جۆربەجۆرەکانی ژیانیدا و تەنها تونا زانستییەکەی نەکرێت بە پێوەربۆ بڕیاردان لە سەر زیرەکی یان لاوازی خوێندکار،چونکە ئێستە ئەو راستییە یەکلایی بووەتەوە کە هەمو مرۆڤێک جیاوازە و دەبێت هەرکەسەو بە پێی توناو لێهاتوویی خۆیی ڕەفتاری لەگەڵدا بکرێت و ، تواناجۆربەجۆرەکانی لەخزمەت یەکتردا بەکاربهێنرێت بۆ برەودان بەتواناکانی فێربوون و گەشە پێدانی بە شێوەیەکی گوونجاو.
.8) کارامەیی ڕێکخستن و بەڕێوە بردنی پۆل:بەڕێوە بردنی پۆل و چۆنیەتی ڕێکخستنی لەڕوی کارگێڕییەوە ،خاڵێکی تری گرنگی کارامەیی مامۆستا دەردەخات لە چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکەیدا،ئەمەش بەوە ناکرێت کە مامۆستا لەڕێی توندو تێژی و خۆ سەپاندنەوە دەستەبەری بکات ،هەروەک بێدەنگ بوون و کروکپی پۆلێش هێمای مامۆستای سەرکەوتو نییە، بەڵکو کارامەیی مامۆستا لەبەڕێوە بردندا لە پۆلێکدا دەردەکەوێت کە توانیبێتی گیانی لەخۆبووردن و هاوکاری تیادا فەراهەم کرابێت و ،خوێندکاران هەست بەدڵنییای وئارامی بکەن وپەیوندی مامۆستاو خوێندکاران لەسەر بنەمای ڕێزو لەیەک گەیشتن بنیات نرابێت،چونکە لەم جۆرە پۆلەدا مامۆستا دەتونێت ئامانجی خۆی لە گەیاندندا بەدی بێنێت و پۆلەکەی لە ڕووی کات و کۆنترۆڵەوە ڕێکبخات.
.9) کارامەیی تەکنەلۆژیای زانستی:لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا ڕۆژانە ليشاوی تەکنەلۆژیا لە بوارە جیاجیاکاندا لە برەودایە،بەمەش خواستی خوێندکار لەوەرگرتنی زانیاریدا زیاتر دەکات،بۆیە زۆر گرنگە مامۆستا لەو پێشکەوتنە زانستیانە دانەبڕێت ،بەڵکو دەبێت سەرمەشق و ڕێنوێن بێت لەو بوارەدا و چەند بکرێت خۆی قاڵ بکات لەدەست خستنی زانیاری نوێ وشارەزابوون لە ئامێر وهۆکارە زانستییە نوێکان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان لەبواری پەروەردەو فێرکردندا بە ڕەچاو کردنی ڕێساو بنەما پەروەردەییەکان لە بەکار هێنانیاندا،بەڕاستی کارەساتە ئەگەر ئاستی زانستی مامۆستا لە ئاستی زانستی خوێندکارەکەیدا باڵاتر نەبێت.
10) کارامەیی بەشداریکردن لە چالاکییەکاندا:سەرجەم ئەو چالاکی و بوارانەی لە خوێندنگەدا ئەنجام دەدرێن ،دەکرێت مامۆستا بەکاری بهێنێت بۆ برەودان بە تواناکانی خوێندکاران لە بوارە جیاجیاکاندا وەک بڵاوکراوەی دیواری یان گۆڤارو ڕۆژنامەی خوێندنگەیی یاخود پەخشی دەنگیی خوێندنگەیی….بە هاوکاری دەستەی کارگێڕی و لیژنەکانی ڕۆشنبیری و راگەیاندنەکانی خوێندنگە.
سه‌رچاوه‌:ماڵپه‌ڕی ده‌رونناسان

به‌روارى 17-4-2012 له‌ فیستیڤاڵى ساڵانه‌ى وه‌رزشى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كانى سنورى به‌ڕێوه‌به‌رێتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید قوتابخانه‌ى قه‌ڵاى بنه‌ڕه‌تى له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تى یه‌كان پله‌ى یه‌كه‌مى به‌ده‌ست هێنا، شایانى باسه‌ له‌ دوو ڤیستیڤاڵى ساڵانه‌دا قوتابخانه‌كه‌مان توانیویه‌تى هه‌ردوو جار پله‌ى یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌ربۆیه‌ به‌ ناوى به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌وه‌ سوپاس و ده‌ست خۆشى ئاراسته‌ى مامۆستایان وسه‌رجه‌م قوتابیانى خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین ، به‌هیواى سه‌ركه‌وتنى زیاتر